Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 3 MAY 2024 00:24 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

جەبار یاوەر: دەبێت لایەنەکان ڕێککەون لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی شەفاف و ئازاد
| KDP.info


ھەولێر-KDP.info- ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و شارەزای سەربازی باس لە ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان ئەمەریکا و عێراق دەکات و ئەوە شرۆڤە دەکات کورد لە کوێی ئەو ڕێککەوتنە دایە،‌ ناوبراو پێشی وا‌یە دەبێت چاکسازی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە فراوانتر و بەھێزتر بکرێت.

جەبار یاوەر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەو ڕێککەوتنە ستراتیژیەی ئەمەریکا و عێراق لەمێژە پلانی بۆ دانراوە و لە سەردەمی کابینەی نووری مالیکی سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە، لە ساڵی ٢٠٠٨ لەو کاتەوە ئەم ڕێککەوتنە ھەم گفتووگۆی لەبارەوە دەکرێت ھەم کۆبوونەوە و واژۆکراوە و کاتی خۆشی ئەم ڕێککەوتنە چووەتە پەرلەمانی عێراق، بەڵام جێبەجێ نەکراوە تا ئەو کاتە کە لە ساڵی ٢٠١١ ھێزی ئەمەریکا کشایەوە لە عێراق دواتر شەڕی داعش ھات دوای شەڕی داعش دووبارە لە سەردەمی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢١ گفتووگۆ لەسەر ئەم ڕێککەوتنە دەستی پێکردەوە، لەوێ لە واشنتۆن بەفراوانتر کراوە و واژۆکرایەوە و بەڵام مایەوە بەبێ ئەوەی جێبەجێ بکرێت، ئێستاش شیاع سوودانی نیازی ھەیە ئەم ڕێککەوتنە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە بەڵام ڕێککەوتنەکە فراوان کراوە، بۆ نموونە لەبواری سەربازی، ئەمنی، ڕۆشنبیری و ئابووری و وزە لەخۆ دەگرێت، عێراق دەیەوێت بەھۆی ئەم ڕێککەوتنەوە لە ھەموو بوارەکاندا سوود لەو ڕێککەوتنە وەربگرێت".

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەیشیدا: "لەم سەردانەی محەممەد شیاع سوودانی بۆ ئەمەریکا ڕێککەوتنێک بە بەھای ٥٥٠ ملیۆن دۆلار واژۆکراوە بۆ ھاوکاریکردنی سوپای عێراق، لێپرسراوانی باڵای ئەمەریکا وەک جۆ بایدن و بینکلین وەزیری دەرەوە و بەرێز ئۆستن وەزیری بەرگری بەگرنگییەوە باسی ئەو ڕێککەوتنە دەکەن کە بە ڕێککەوتنێکی ستراتیژی گرنگ دەزانن لەنێوان خۆیان و عێراقدا، دیارە لایەنی عێراقیش بەھەمان شێوە دەیانەوێت سوود لەو ڕێککەوتنە وەربگرن، و بەم ڕێککەوتنە کۆتایی بەئەرکی ھاوپەیمانانیش بھێنرێت لە عێراقدا، چونکە حکوومەتی عێراق لەژێر فشاری ئەوەدایە کە گوایە داوای کردووە کۆتایی بەئەرکی ھاوپەیمانان بھێنرێت لە عێراقدا بەبیانووی ئەوەی شەڕی داعش نەماوە، بەڵام بەدیلی ئەو ھاوپەیمانییە نێودەوڵەتییە دەیەوێت ڕێککەوتنی دوو لایەنە بکات لەگەڵ وڵاتانی ھاوپەیمانان، وەک فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا ئیتاڵیا، کە بەشێکی ڕێککەوتنەکان سەربازی و ئەمنین".

لەبارەی ئەوەی کوردستان لە کوێی ئەو ڕێککەوتنەدایە، جەبار یاوەر، ئەوەی خستەڕوو: "ئێمە ھەرێمێکی فیدڕاڵین لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراق، ھەرچی عێراق دەیکات لە ڕووی ڕێککەوتن لەگەڵ وڵاتان و لە ڕووی ئابووری و سیستەمی بانکیەوە و لە ڕووی پڕچەکردنی ھێزەکانی خۆی کە ھەموویان لەناو ئەو ڕێککەوتنە ھەیە ئێمەش بەشێکین لەم عێراقە فیدڕاڵە، ئەوەی دەمێنێتەوە ڕێککەوتن و گفتووگۆی ھەرێمە لەگەڵ عێراق کە چۆن دەگەینە ڕێککەوتن کە سوود لەو ڕێککەوتنە ستراتیژیە وەربگرین، چونکە تا ئێستاش ھەندێک گرفتی ھەڵپەسێردراومان ھەیە، لەوانە پرسی پێشمەرگە لەگەڵ بەغدا رێککەوتنمان نەکردووە چونکە پێشمەرگە تا ئێستا نە بوودجەی ھەیە، نە عێراق تا ئێستا توانیویەتی ھێزی پێشمەرگە پڕ چەک بکات، بەداخەوە عێراق نە مەشق بەپێشمەرگە دەکات نە پێویستی بۆ دابین دەکات، دەبێت ئێمە بگەینە ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق جیا لەوەش ڕێککەوتنی ھەرێم لە ڕووی بوودجەوە لە ڕووی ماددەی ١٤٠ بۆیە کاتێک گرفتەکانمان لەگەڵ عێراق چارەسەر کرد ئێمەش سوود لەو ڕێککەوتنە ستراتیژیە وەردەگرین".

دەشڵێت، "ئازادیەتی پێشمەرگە لە شەڕی داعش نەک لەسەر ئاستی ئەمەریکا بەڵکو لەسەر ئاستی جیھان ئێستا ناوی پێشمەرگە ناوێکی پڕشنگدارە چونکە پێشمەرگە نەک تەنیا لەگەڵ ئەمەریکا لەگەڵ ھەموو وڵاتانی ئەندام لە ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی کە کۆمەڵێک وڵاتانی گەورەی تێدایە وەک ئەڵمانیا فەرەنسا و بەریتانیا ھەنگاریاو زۆر وڵاتی دیکە ئەم وڵاتانە دەزانن کە پێشمەرگە چەندە ڕۆڵی گرنگی ھەبووە و پێشمەرگە گیان فیداییی زۆری کردووە و توانی ئەفسانەی داعش تێکبکشێنت و ڕووبەرێکی فراوان لە داعش پاک بکاتەوە، ١٨١٠ شەھیدمان داوە ١٠٧٤٢ بریندارمان ھەبووە، پێشمەرگە لەئاستی جیھان وەک قارەمان سەیری دەکرێت، بەڵام ئێمە لەبەردەم تەحەدای چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگەین کە دەستکراوە بە چاکسازی ئەگەر لەو چاکسازییە نەگەینە ئامانجی خۆی، ناتوانین سوود لەو ڕێککەوتنە ستراتیژیە و ھاوکاریە وەربگرین کە جیھان دەیداتە ھاوپەیمانان، چونکە دەبێت ئێمە ھەنگاوی یەکەم ھێزەکانمان یەک بخەین لە چوارچێوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان چ ھێزی پێشمەرگە و دژە تیرۆر و ئاسایش و پۆلیس و سەرجەمیان ببنە ھێزی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بۆ پاراستنی کوردستان بێت بەبێ جیاوازی".

لەبارەی ئەوەی کە پێشبینی دەکرێت دوای سەردانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان و عێراق بۆ واشنتۆن گرفتەکان چارەسەر بکرێن؟ناوبراو ڕاشیگەیاند: "لەکاتی گفتووگۆکان لە واشنتۆن حکوومەتی ئەمەریکا لە بەرزترین ئاست لە سەرۆکی ئەمەریکا جۆ بایدن و وەزیری دەرەوە بلینکن و وەزیری بەرگری ئۆستن، ھەموویان ھانی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەدەن کە ڕێککەوتن و گرفتەکانیان چارەسەر بکەن چونکە ئەوان دەڵێن ئێمە عێراقێکی یەکگرتوو بەھەرێمێکی کوردستانی بەھێزەوە دەمانەوێت، بۆیە سوودانیش ھەم ھەنگاوی ناوە و ھەم ھەرێمی کوردستانیش لەو پێناوە ھەنگاوی ناوە، بەڕاستی جۆرێک لە جدیەت ھەیە لە حکوومەتی عێراق بۆ چارەسەری گرفتەکان ئەوەتا بۆ بابەتی دارایی دەبێت بابەتی بوودجەی کوردستان چارەسەر بکرێت چونکە بابەتەکە تەنیا مووچە نییە، دەبێت چارەسەر بکرێن و دەبێت ڕێککەوین لەسەر یاسایی نەوت و گازو چۆنیەتی دەرھێنان و فرۆشتنی، و لەسەر بابەتی داھاتی ناوخۆ و دەروازە سنووریەکان ئەمانە دەبێت چارەسەر بکرێن، دوای ئەوەش بابەتی ھەڵبژاردن لە کوردستان زۆر گرنگە دەبێت لایەنەکان ڕێککەون لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی شەفاف و ئازاد چونکە ئەگەر ئەو ھەڵبژاردنە نەکەین تووشی قەیرانی یاسایی دەبینەوە، بەڵام دەبێت ڕێککەوتنی لایەنە سیاسیەکانی لەسەر بێت".

لەبارەی ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا پەیامی داوەتە سوودانی بۆ چارەسەری پرسی پێشمەرگە و سوپای عێراق و میلیشیاکان، گوتیشی: "خۆی ئەم وردەکاریانە باس نەکراوە بەڵام، بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ دانیشتنی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، باسی ئەوەیان کردووە کە دەبێت عێراق گرفتەکانی بەھەموو شێوەیەک لەگەڵ ھەرێم چارەسەر بکات و دەبێت عێراق بەرەو دیموکراتی بڕوات و ئازادی فەراھەم بکات و عێراقێکی سەرکەوتووبێت و دەبێت ھێزەکانی عێراق ئارامی بپارێزن و لەژێر فەرماندەی فەرماندەیی ھێزە چەکدارەکان بن".
 




دوایین هەواڵەکان

ئاژگەیی بۆ KDP: فەرمانگەی پەیوەندییەکان پلانی ھەیە پەیوەندییەکانی فراوانتر بکات

THURSDAY, 02 MAY 2024 22:05:49

بەلجیکا-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لە یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، پەیوەندییەکانی دەوڵەتانی ئەوروپا لەگەڵ کوردستان ئێستا و ساڵانی ڕابردوو بەراورد بکەین، پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە و دەوڵەتانی ئەوروپا پێیان وتووین ھەرێمی کوردستان بە تەنیا نیە.

 
لەدوای نیوەشەوەوە شەپۆلێکى باران و هەورەتریشقە ئه‌م ناوچانه‌ دەگرێتەوە

THURSDAY, 02 MAY 2024 21:05:47

ھەولێر-KDP.info- کەشناسی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پێشبینى دەکرێت لەدوای نیوەشەوەوە شەپۆلێکى باران و هەورەتریشقە لە سەرجەم ناوچەکانى هەرێمی کوردستان دەست پێبکات.

 
ڕاگەیاندنی پارتی بۆ خانەوادەی (کامەران خەفاف) خۆمان بە ھاوبەشی خەمتان دەزانین

THURSDAY, 02 MAY 2024 21:05:11

ھەولێر-KDP.info- بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی بێژەری ناودار (کامەران خەفاف) دەکات.

 
مەسروور بارزانی هاوخەمی بۆ کۆچی دواییی کامەران خەفاف دەردەبڕێت

THURSDAY, 02 MAY 2024 20:05:17

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرسەنامەیەکدا ڕایگەیاند: "بە داخەوە هەواڵی گیان لەدەستدانی ڕاگەیاندنکاری ناسراوی کوردستان (کامەران خەفاف)ـم پێگەیشت".

 
د.سەباح سوبحی: لە پرسی نەوت ئەم کێشەیەی نێوان ھەولێر و بەغدا بەرەو چارەکردن ھەنگاو دەنێت

THURSDAY, 02 MAY 2024 16:05:38

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، کێشەی کرێی دەرھێنانی نەوت چارەسەر دەکرێت.. دەشڵێ: سەرۆکوەزیرانی فیدڕاڵ جەختی لە چارەکردنی کێشەی کۆمپانیاکانی نەوت کردووە.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact