Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
MON, 29 APR 2024 20:59 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

نامەیەکی تایبەت بۆ جۆ بایدن نێردراوە..دوای مانگێکی دیکە ھەناردەی نەوتی کوردستان دەست پێدەکاتەوە
| KDP.info


ھەولێر-KDP.info- بەپێی قسەی ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیژنەی نەوت و گاز، چەند گەورە کۆمپانیایەکی تایبەت بە بواری نەوت لە ئەورووپا و ئەمەریکا و کوردستان نامەیەکیان بۆ سەرۆکی ئەمەریکا نووسیوەو داوای چارەسەریان لە پرسی ھەناردەکردنەوەی نەوت‌ کردووە، ڕاگەیەندراوی کۆشکی سپیش باس لە گرنگی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی کوردستان دەکات و بڕیارە لە زووترین کاتدا ئەم پرسە یەکلایی بکرێتەوە.

لە ڕۆژی (١٣ی شوباتی ٢٠٢٣) ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس بڕیاری دا بە ڕاگرتنی ھەناردەنی نەوتی کوردستان، بەپێی بڕیارەکەی دادگای ژووری ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان حکوومەتێکی دەستووری و یاساییە لە چوارچێوەی عێراقدا، ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لە ڕۆژی ١٥ی٢ی٢٠٢٢ دەرچووە کە ڕێگری دەکات لە ھەناردەکردنی نەوتی کوردستان.

دوای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی پەیوەندی نێوان ھەولێر و بەغدا چووە قۆناغێکی نوێوە، کۆمەڵێک کێشەو گرفت سەری ھەڵدا چونکە نەوت سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بوو، بۆ ڕاگرتنی نەوتی کوردستانیش دەبوو حکوومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان ڕێککەوتن بکەن لەسەر دەرچەیەک بۆ چارەسەری پرسی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بۆیە تا ئەو کاتەی ڕێککەوتن کراو یاسایی بوودجە ئامادەکراو چووە پەرلەمانەوە گیروگرفتی زۆر ڕووبەرووی مووچەخۆرانی کوردستان کرایەوە، لێکەوتەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ کوردستان و ناوچەکە و جیھانیش لێکەوتەی خراپی ھەبوو چونکە بەبێ ڕاوێژو دیراسەکرابوو، بەتایبەت بڕیاری دادگا لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غازی ھەرێم کە لە ساڵی (٢٠٠٧)ەوە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە و ڕێگای داوە بۆ حکوومەتی ھەرێم بە ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان بۆ گەڕان و پشکنین و بەرھەمھێنان و بە بازاڕکردن و فرۆشتنی نەوتی ھەرێم لە کێڵگە نەوتییەکانی سنووری ھەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی (ھەولێر و سلێمانی و دھۆک) سەرباری دەرھێنان و فرۆشتنی نەوت لە بەشێک لە کێڵگەکانی پارێزگاکانی مووسڵ و کەرکووک و سەلاحەدین.

لە ‌١٣ی شوباتی ساڵی ٢٠٢٣ەوە نەوتی کوردستان ڕاگیراوە و ھەناردەی دەرەوە ناکرێت لەو کاتەوە تا ئێستا بەبەھای ١٤ ملیار دۆلار زیان بەر ھەرێمی کوردستان و عێراق کەوتووە، ئێستاش گفتووگۆکان چڕکراونەتەوە بۆ ئەوەی ئەم پرسە چارەسەر بکرێت، دوێنێ ١٥ی٤ی٢٠٢٤ شاندی باڵای عێراق بەسەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی، دیداری لوتکەیان لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ھەبووە، کۆشکی سپی ڕاگەیەندراوی ھاوبەشی دیداری جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوکردەوە و ھەردوولا جەختیان لە گەیشتنی نەوتی عێراق بە بازاڕەکانی جیھان کردووەتەوە و خواستیان بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیھانی تورکی دەربڕیووە.

ھاوکات ھەر دوای ڕاگەیەندراوەکەی کۆشکی سپی، کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ناسراو بە ئەپیکۆر لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە ستایشی بایدن و سوودانی دەکەین بۆ جەختکردن لەسەر دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت و ئامادەین بۆ دەستپێکردنی دەستبەجێی گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا و ھەولێر بۆ ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەپیکۆر ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی دەستبەجێی گفتوگۆکان لەگەڵ حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی (ITB)، ھاوکات ئەپیکۆر دەشڵێت، لەگەڵ پاراستنی پیرۆزی مەرجە داراییەکانی ئێستا و زامنکردنی پێدانی پارەی نەوتی ڕابردوو و داھاتوو لەڕێی رێککەوتنی نووسراوی فەرمی.

لەم بارەوە، دکتۆر سەباح سوبحی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لیژنەی نەوت و گاز، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەم بەرەو پێشچوونە گرنگە چونکە پێش ڕاگەیەندراوی کۆشکی سپی ھەموو پرسەکان لەبابەتی ھەناردەکردنی نەوت چەق بەستوو بوون، لە بابەتی ھەناردەکردنی نەوت کۆمەڵێک گرفتمان ھەبوو لەوانە ئەو بڕە پارەی دانرابوو بۆ دەرھێنانی نەوت، کە بڕە پارەیەک بوو کۆمپانیاکانی تایبەت بەدەرھێنانی نەوت لە کوردستان، ڕەزامەندنین لەسەری بۆیە دەبێت ئەو بڕگەی لە یاسایی بوودجەی ھەیە کە تایبەتە بە تێچووی دەرھێنانی نەوت لە کوردستان دەستکاری بکرێت لە ٦،٨٠ سەنتەوە بۆ ٢٤ بۆ ٢٦ دۆلار بەرز بکرێتەوە، تاوەکو کۆمپانیاکانی بواری نەوت مافی دارایی خۆیان دەستەبەر بکەن و بتوانن ئەو نەوتە دەربھێنن، ئەم خاڵە گرنگە چارەسەر بکرێت و بەرێز سوودانی دوای گەڕانەوەی لە ئەمەریکاوە بۆ عێراق، بەپەلە ھەمواری یاسایی بوودجە دەنێرێت بۆ پەرلەمان تاوەکو ئێمە وەک پەرلەمان کاری لەسەر بکەین".

ناوبراو گوتیشی: "بابەتێکی دیکەی پرسی ھەناردەکردنی نەوتی کوردستان پرسی قەرەبووکردنەوەی تورکیایە بۆ عێراق کە بەپێی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی دەبێت تورکیا بڕە پارەیەک بداتە عێراق چونکە سکاڵاکە تورکیاش دەگرێتەوە، تورکیاش ھەناردەکردنی نەوتی کوردستانی ڕاگرتووە ئەویش داوای ٢٥ ملیۆن دۆلار لە عێراق دەکات پێی وایە لەو ماوەی ھەناردەکردنی نەوتی کوردستان ڕاگیراوە ئەوان لەماوەی ئەم ساڵەدا پارەی کرێی بۆری نەوتیان دەوێت، ئەگەر نەوت بڕوات یان نا پارەی خۆیان دەوێت بۆڕیەکە بەناو خاکی ئەوان دەڕوات، ئەوان دەیانەوێت ئەو بابەتە بۆ وڵاتەکەیان سوودی ھەبێت خۆ ناکرێت عێراق لەلای خۆیەوە تاک لایەنە نەوت ڕابگرێت".

دکتۆر سەباح ڕاشیگەیاند: "چەندین کۆمپانیایی ئەورووپی و ئەمەریکی فشاریان لەسەر جۆ بایدن کردووە کە ھەرنادەی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە، و نامەیەکیشیان بۆ بایدن ناردووە، لەبەر ئەوەی کوردستان ئێستا لەنەخشەی وزەی جیھاندایە، ڕاستە بەرھەمی ئێمە (٥) (پۆینت پێنجە) لەسەدای جیھانە، کە ڕێژەیەکی کەمین بەڵام لەناو نەخشەی وزەین و زۆر دەوڵەت بەھۆی نەمانی نەوتی کوردستانەوە تووشی گرفت ببوون، و ئەوەندەی ئێمە ئاگادارین تورکیاش لەسەر ھێڵە بۆ ئەوەی بەزووترین کات بەرھەمی نەوت دەستپێبکاتەوە کە ڕۆژانە ٤٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتە، ئەوەی زۆر گرنگە دەوڵەتانی ئەورووپا کاریگەریان ھەیە لەسەر دروستکردنی فشار لەسەر جۆ بایدن، چونکە بەرژەوەندی زۆر کۆمپانیای ئەورووپا لە ھەناردەی نەوتی کوردستان ھەیە، جیا لەوانەش کۆمپانیا ئەمەریکیەکانیش لەسەر ھێڵن لەگەڵ سەرۆکی وڵاتەکەیان بۆ ئەوەی ئەم پرسە چارەسەر بکرێت، بەزووترین کاتیش دوای گەڕانەوەی سوودانی، پرسی نەوتی کوردستان چارەسەری بۆ دەدۆزرێتەوە، کە بەڕای ئێمە دوای گەڕانەوەی بۆ ماوەی یەک مانگ پرسی ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەستپێدەکاتەوە".

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق، لە لیژنەی نەوت و گاز دەشڵێت: "نەوتی کوردستان ئێستا دەردەھێنرێت بۆ کاروباری ناوخۆیی و دەدرێتە پاڵاوگەکان بۆ بەرھەمی ناوخۆیی و بەشێکیش دەدرێتە سۆمۆ کە پێشووتر ڕێککەوتنی لەسەر کراوە".

لەبارەی ھاتنی سەرۆکی تورکیاش بۆ بەغدا و کوردستان و یەکلاکردنەوەی پرسی ھەناردەی نەوتی کوردستان، ناوبراو ئەوەی خستەڕوو: "بەلای تورکیا دوای بابەتی پەکەکە و ئاو بابەتی سێیەم پرسی ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانەو ئەم پرسە باس دەکرێت".

ھاوکات، کارۆخ خۆشناو، بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئینستیوتی ئەمریکی – کوردی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەم سەردانەی محەممەد شیاع سوودانی بۆ واشنتۆن و ئەجێندای چاوپێکەوتنی لەگەڵ جۆ بایدن و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و بەرپرسانی ئەو وڵاتە یەکێک لە خاڵەکانی کۆبوونەوەکانیان، ئەمەریکا و سەرۆکی ئەمەریکا جەختیان لەبارەی ‌ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کردووەتەوە، چونکە ئەم ٥٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتەی کوردستان کە لە ڕێگای بۆری نەوتی جیھانەوە ڕاگیراوە، کاریگەری لەسەر ناوخۆیی نەوت لەسەر ئاستی جیھان دادەنێت و ئیدارەیی بایدن لەبەردەم ھەڵبژاردنێکی گرنگدایە ئەویش ھەڵبژاردنی ٥ی١١ی٢٠٢٤ سەرۆکایەتییە، بۆیە ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کاریگەری لەسەر دابەزاندنی نرخی نەوت دەبێت و ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر ڕای گشتی ئەمەریکا چونکە خەڵکی ئەمەریکا بەدەست گرانی نرخی نەوت دەناڵێنن بۆیە ئیدارەی بایدن‌ لەبەردەم ھەڵبژاردنن دەیانەوێت نرخی نەوت کەم بکەنەوە بۆ ئەوەی دووبارە دەنگ بھێننەوە، بۆیە بەشێک لە ھۆکاری جەختکردنەوەی ئەمەریکا بۆ نەوتی کوردستان ئەم پرسەیە، بەشێکی دیکەی ئەوەیە کە کۆمپانیا ئەمەریکیەکان وەبەرھێنانێکی زۆریان کردووە لەبابەتی نەوت لە کوردستان کە نزیکە ٣٠٠ ملیۆن دۆلارە، ئەم کۆمپانیایانە لە چوارچێوەی رێکخراوێک لە کوردستان کۆبوونەتەوە لەژێر ناوی (ئەپیکۆ)، و نامەیان داوەتەوە کۆنگرێس و بەرپرسانی ئەمەریکا کە فشار لەسەر سوودانی بکەن بۆ ئەم پرسە، و ئێستاش کە سوودانی لە کۆشکی سپییە بابەتی ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان باسکراوە، جیا لە بابەتی ناوخۆی ئەمەریکا کە ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان گرنگە بۆیان فاکتەری ناوخۆیش ھەیە، لەو ڕۆژەی نەوتی کوردستان ڕاگیراوە کە دەکاتە ماوەی ساڵی ڕابردوو کە ٢٥ی٣ی٢٠٢٣ دەکات بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس کە نەوتی کوردستان بۆ دەرەوە ڕاگیرا تا ئێستا لە ماوەی‌ ساڵێک و مانگێک زیاتر لە ١٤ ملیار دۆلار کوردستان و عێراق و کۆمپانیاکانی بواری نەوت زیانیان بەرکەوتووە، بۆیە ئەم ببڕ پارەیە زۆرە و کاریگەری لەسەر کوردستان کردووە".

کارۆخ خۆشناو، وێنای کەسایەتی سیاسی شیاع سوودانی دەکات، و پێی وایە پیاوێکی ھێمن و لەسەرخۆیە دەیەوێت گرفتەکان چارەسەر بکات بەتایبەت نێوانی ھەولێر و بەغدا بەڵام دیارە کە ھەموو بڕیارەکانی لەدەست خۆی نییە، چونکە ڕەنگە ھەندێک لایەن کاریگەریان لەسەر بڕیارەکانی ھەیە ئەوەی گرنگە خۆی پیاوێکی نەرمە و ھەوڵی داوە بەناردنی دوو مووچە و دەیەوێت پەیامێک بداتە ئەمەریکا کە دەیەوێت گرفتەکان چارەسەر بکات و پرسی ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان گرنگە چارەسەر بکرێت ھەم بۆ تورکیا ھەم بۆ عێراق و ئەمەریکا و بڕیارە ھەفتەی داھاتوو سەرۆکی تورکیاش بێتە عێراق و ڕەنگە بێتە ھەرێمی کوردستانیش و یەکێک لە پرسەکان کە باس دەکرێت لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ھەم لە بەغدا و ھەم لە ھەولێر پرسی ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانە، و بڕیارە ٢٠ مانگ بەرێز سوودانی بگەڕێتەوە بۆ عێراق و پێم وابێت پرسی نەوتی کوردستان دەخرێتە ڕۆژەڤەوە.

کارۆخ خۆشناو باس لە ئاستەنگەکانی بەردەم ئەم پرسە دەکات کە دەبێت چارەسەر بکرێت، لەوانە، بابەتی تێچووی پارەی کۆمپانیاکانی دەرھێنانی نەوتە کە بە بەراوردی ئەو پارەی لە عێراق دەیان درێتێ لە کوردستان پارەکە زۆرترە یان تێچووی زیاترە بۆچی؟ چونکە گرێبەستی کوردستان گرێبەستی گشتگیر بووە لەدەرھێنان لە پشکینن و بازاڕکردن و دۆزینەوە، بۆیە بەشێک لە قازانج دەدرێتە ھەرێمی کوردستان و تێچووی خۆیان دەبەن بەڵام لە عێراقدا وانییە، چونکە لە عێراق نزیکەی ١٠ دۆلار بۆ ھەربەرمیلێک دەدرێت بەڵام لە کوردستان نزیکە لە ١٨ دۆلار، و پرسێکی دیکەش ھەیە ئەویش بابەتی ھەموارکردنەوەی یاسای بوودجەیە.

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو: "سوودانی بەدەستێکی پڕ دەگەڕێتەوە بۆ عێراق ئەم جارە بۆ بەدەستھێنانی پشتیوانی کورد و ئەمەریکا بۆ ئەوەی ببێتەوە سەرۆکوەزیرانی داھاتوو دەبێت پرسە ھەڵواسراوەکان چارەسەر بکات لە ناویاندا بابەتی نەوتە".

ھەر لەم بارەوە، دکتۆر عەلی بەلۆ، ڕاوێژکاری پێشووتری وەزارەتی سامانە سروشتیەکان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بابەتی ھەناردەکردنەوەی نەوت لەبەردەم کۆمەڵێک تەحەدیاتە دەبێت چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە لەوانە: کۆمەڵێک کۆمپانیای لە کوردستان کاردەکەن لە بواری نەوت تەخمینی ئەوان بۆ دەرھێنانی یەک بەرمیل نەوت ٢٠ دۆلارە بەڵام حکوومەتی عێراق ٨ دۆلاری داناوە، ئەم جیاوازییە زۆرە دەبێت وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیاکانی بواری نەوت لەو بارەوە رێککەون، بۆیە سودانی دەتوانێت عاملی خێربێت لەو بارەوە، ئەمەریکاش ئەم جارە لە کۆشکی سپییەوە ڕاگەیەندراوی ھەبوو، بەرژەوەندی ئەمەریکا لەوەدایە کە پرسی نەوت چارەسەر بکرێت چونکە تا ئەو گرفتە چارەسەر نەبێت گرفتی ھەولێر و بەغدا وەک خۆی دەمێنێتەوە".

ناوبراو ڕاشیگەیاند: "دەبێت یاسایی نەوت و گاز لە عێراق دەربچێت و گرفتی نەوت چارەسەربکرێت دەنا گرفتی ھەولێر و بەغدا وەک خۆی دەمێنێتەوە و بەپێی گرێبەستەکانی کوردستان مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیاکانی بواری نەوت بکرێت نەک بەم شێوە بمێنێتەوە، بۆیە دوای گەڕانەوەی سوودانی ڕۆژی ٢٠ی ئەم مانگە ئەم پرسە دەبێت ببرێتە قۆناغێکی نوێوە و چارەسەر بکرێت".




دوایین هەواڵەکان

دژوار فایەق: داوامان لە ھادی عامری کردووە رێگری لە سوپای عێراق بکات

MONDAY, 29 APRIL 2024 18:04:30

بەغدا-KDP.info- نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠ داوای لە ھادی عامری سەرۆکی لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠ کردووە رێگری لە سوپای عێراق لە ناوچە کوردستانییەکان بکات، کە دەستوەردان لە کاروباری جوتیاران نەکرێت.

 
نەھلە ئەفەندی:، داوامان کردووە شەش ھەزار یەکەمەکانی ھەرێم دابمەزرێن

MONDAY, 29 APRIL 2024 16:04:00

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی خوێندنی باڵا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەڵێت: بە فەرمیی داوای دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی ھەرێمی کوردستانمان کردووە ئەمەش ئەرکی حکوومەتی فیدڕاڵە کە دایانمەزرێنێت.

 

خەسرۆ ئاژگەیی: بەرپرسانی بەریتانیا دەڵێن، بەرگریی لە ھەرێم دەکەین

MONDAY, 29 APRIL 2024 16:04:02

بەریتانیا-KDP.info- بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەورووپا دەڵێت، بەریتانیا پشتگیری و بەرگریی لە ھەرێمی کوردستان دەکات..ئاماژەیشی دا، بەریتانیا خۆی بە دۆست و ھاوبەشی ستراتیژی ھەرێمی کوردستان دەزانێت و، نیگەرانە لەو ھەڕەشانەی لەسەر ھەرێمی کوردستان ھەن.

 
پارێزگاری دهۆک: کارتی بانکیی (هەژماری من)ـم وەرگرتەوە

MONDAY, 29 APRIL 2024 13:04:17

ھەولێر-KDP.info- پارێزگاری دهۆک ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژەی "هەژماری من" لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و حکوومەتی هـەرێمی کوردستاندایە. جەختیش لەوە دەکاتەوە، پڕۆژەکە 19 خزمەتگوزاریی پێشکەش دەکات و ڕێگری لە گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە دەکات.

 
عەلی دۆڵەمەری: فەرەنسا لەبارەی دیالۆگی نێوان ھەرێم و بەغدا لەسەر خەتە

MONDAY, 29 APRIL 2024 13:04:02

فەرەنسا-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا گوتی، فەرەنسا دەیەوێت ھەرێمی کوردستان و عێراق بەدیالۆگ و لە چوارچێوەی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکرێن، بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام لە ھەوڵدان و لەسەر خەتن، چونکە سەقامگیری لە عێراق نەبێت کاریگەری لەسەر ھەموو وڵاتان دەبێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact