ههولێر- KDP.info/ لە كۆبوونەوەیەكی بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێم و بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێردا، جەخت لە باشتر راپەڕاندنی ئیشوكارەكانی پۆلیس كرایەوە و باس لەو گیروگرفتانەش كرا كە رووبەڕووی پۆلیس دەبنەوە و تەئكید لە چارەسەركردنیان كرا.
ئەمڕۆ كاتژمێر 12ی نیوەڕۆ، لیوا عەبدوڵڵا خەیلانی بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێم و عەمید عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكیان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر كرد كە سەرجەم بەشەكانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە تێیدا بەشدار بوون و لە كۆبوونەوەكەشدا وێڕای جەختكردنەوە لە دیسپلینی سەربازی و پابەندبوون بە ئیشوكارەكان و ئەركەكانی پۆلیس، دووپات كرایەوە كە پێویستە لە پێناو باشتر ڕاپەڕاندنی ئیشوكارەكاندا، زیاتر پەرە بە چالاكییەكان بدرێت.
هاوكات هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باس لەو گیروگرفتانەش كرا كە رووبەڕووی هێزەكانی پۆلیس دەبنەوە و تەئكیدیش لە چارەسەركردنی كێشە و ئاستەنگەكان كرایەوە.
ئەمەو لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا چەند ڕێنماییەكی پێویست لە پێناو هەرچی باشتر ڕاپەڕاندنی ئەركەكانی پۆلیسی هەولێر و سەروەریی یاسا، خرانە ڕوو.