تاران- KDP.info/ وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران رۆژی دوو شەممە رایگەیاند كە لە عەرەفەی هەڵبژاردنەكانی ئێراندا وڵاتانی دژمنی ئێران دەستیان بە ئامادەكردنی پلانی جۆربەجۆر بۆ تێكدانی باری ئەمنی ئەو وڵاتە كردووە و لەم روویەیشەوە ژمارەیەكی زۆر سیخوریان بۆ ناوەوەی ئێران بەرێكردووە.
لەمبارەیەوە ئاژانسی فارسی ئێرانی لە سەر زاری وەزیری ئیتلاعاتی ئێران بڵاویكردۆتەوە كە هێزەكانی ئیتلاعاتی ئێران رۆژی دوو شەممە لە سنوورەكانی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەدا دوو تیمی سیخوری كردنیان دەستگیر كردووە.
وەزیری ئیتلاعاتی ئێران ئاماژەی بەوە كردووە كە دوای هەڵسەنگاندنی ئەو زانیاریانە سەبارەت بە هەناردەكردنی سیخور بۆ ناوەوەی ئێران لە لایەن هێزەكانی ئیتلاعاتەوە ئەو هێزانە توانیویانە لە سنوورەكانی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەدا دوو تیمی سیخۆری كردن دەستگیر بكەن.
ناوبراو جەختی لە سەر ئەوە كردۆتەوە كە دوای كۆتایی هاتنی لێكۆڵینەوەكان لەم دوو تیمی، رای گشتی لە چۆنیەتی ئەم مەسەلەیە ئاگادار دەكرێتەوە.