ھۆشیار سیوەیلی
سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی فیدراڵی لە نووسراوێکدا بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتەریز، سکرتیری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان داوای کردووە کە لە کۆتایی ٢٠٢٥ دا ئەنجوومەنی ئاسایش کۆتایی بە ئەرک و بوونی(یونامی) بهێنێت لە عێراق. یونامی لە ساڵی ٢٠٠٣ بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ژمارە ١٥٠٠ دروستبوە و لەو کاتەوە ساڵانە ئەرکەکەی نوێکراوەتەوە. ساڵی سێ جار ڕاپۆرت ئەداتە ئەنجوومەنی ئاسایش دەربارەی دۆخی عێراق بە تایبەتی دۆخی سیاسی و ئەمنی وڵات. داواکەی عێراق قسەو باسی زۆر هەڵدەگرێ و لە هەمووشیان گرنگتر وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە گرنگەیە کە دەڵێت: ئایا بە ڕاستی عێراق هێندە سەقامگیرە پێویستی بە هاوکاری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نەمابێت یان گوشار و ئەجێندای تر لە پشت هەڵوێستەکەی عێراقەوەیە؟ یونامی لە ماوەی مانەوەی لە عێراق ڕۆڵی دیاری بینیوە لە نزیککردنەوەی لایەنە عێراقییەکان و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان و پێشخستنی پرۆسەی سیاسی. ڕۆڵی گرنگی لە نزیککردنەوەی هەولێر و بەغدا هەبووە و تەنانەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێم هەوڵی جدی داوە، ئەمە جگە لەوەی لایەنێکی گرنگ بووە لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠.
بڕیارە خاتوو پلاسخارت لە هەفتەی داهاتوو دوا ڕاپۆرتی خۆی لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایش بخوێنێتەوە چونکە ئەرکی ئەو وەک نوێنەری تایبەت و سەرۆکی یونامی لە کۆتایی ئەم مانگەدا تەواو دەبێت. هێشتا ڕوون نییە ئەنجوومەنی ئاسایش چۆن مامەڵە لەگەڵ داواکەی عێراق دەکات لە کاتێکدا عێراق داوای کردووە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ دا کۆتایی بەئەرکی یونامی بهێنرێت. هەرچەندە ئەنجوومەنی ئاسایش بە بڕیاری زۆربەو بە بێ ڤیتۆی یەکێک لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکە دەتوانێت بڕیار لەسەر مانەوەی یونامی بدات لە دوای ٢٠٢٥، بەڵام ڕێز لە داواکەی عێراق دەگرێ و گەر عێراق سوور بێت لەسەر ئەو داوایە ئەوا لە کۆتایی ٢٠٢٥ یان زووتر ئەنجوومەنی ئاسایش کۆتایی بە ئەرکی یونامی دەهێنێت. جگە لە رۆڵی یونامی لە عێراقدا، ڕاپۆرتەکانی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایش و باسکردنی هەرێمی کوردستان و ئاماژەدان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا سوودی زۆری بۆ هەرێمی کوردستان هەبوو.