هەولێر-KDP.info- مامۆستایانی زانكۆ دهڵێن، تاران بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر بەغدا هەیە، بۆیە سەردانی نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری، هەم پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران ئاسایی دەكاتەوە، هەمیش ئێران یارمەتیی هەولێر و بەغدا دەدات، كە كێشەكانی نێوانیان چارە بكەن، چونكە چارەكردنی كێشەكان لە بەرژەوەندیی ئەو وڵاتەدایە.
دوێنێ شاندێكی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی كوردستان سەردانی بەغدای كرد لەو سەردانەدا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆ بوونەوە، دواتر بەرەو تاران بەڕێ كەوتن. ئەمڕۆش لەگەڵ سەرۆككۆماری ئەو وڵاتە و بەرپرسانی دیكە كۆ بوونەوە، ئەوەش یەكەم كۆبوونەوەی شاندی هەرێمە لە دوای پرۆسەی ڕیفراندۆم و ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە.
د. ساڵح مەلاعومەر، مامۆستای زانكۆ، كە دكتۆرای لە زانستە سیاسییەكاندا هەیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "ئەگەر تەماشای كوردستان و عێراق بكەین، پەیوەندییەكان دوای پرۆسەی ڕیفراندۆم و ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر تێك چووبوون، بەغداش ڕۆژ بە ڕۆژ گوشارەكانی لەسەر كوردستان زیاتر دەكرد، وەكو داخستنی فڕۆكەخانەكان و سنوورەكان، كێشە لە دوای كێشەی دروست دەكرد، هەتا بۆ چارەكردنی كێشەكان ئامادە نەبوو لەگەڵ هەرێمی كوردستان دابنیشێت، بەڵام ئەو سەردانەی سەرۆكی حكوومەت بۆ بەغدا بووە هۆی ئەوەی كە پەیوەندییەكان لەجیاتی دروستكردنی كێشە بەرەو خاوبوونەوە بچن، ئەوەش دەرفەتێكی باشتر دەرەخسێنێت، كە كێشەكان چارە بكەن."
د. ساڵح مەلاعومەر ڕوونیشی كردەوە: "ئێران دەتوانێت ڕۆڵێكی ئیجابی هەبێت لەسەر پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا، چونكە تاران بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ كاریگەریی لەسەر بەغدا هەیە، چونكە تا ڕاددەیەكی زۆر عێراق لە ژێر هێژمۆنیی ئێران كار دەكات، ئێران پاڵپشتییەكی تەواوی لە شیعە دەكرد بۆ ئەوەی لە دژی هەرێمی كوردستان بوەستێتەوە، ئەوەش لەبەر ئەوە بوو كە لێكتێگەیشتنێكی تەواو لە نێوان هەولێر و تاران نەبوو، چونكە ئێران وای بیر دەكردەوە كە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دژی ئێرانە، بەڵام ئەوە دژی هیچ وڵاتێك نەبووە، بەڵكو بە هۆی ئەو كێشانەی لە ناو عێراق هەن، وای لە كوردستان كرد كە پەنا بۆ ئەو پرۆسەیە ببات، بۆیە سەردانی نێچیرڤان بارزانی هەم پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران باشتر دەكات، هەمیش ئێران یارمەتی هەولێر و بەغدا دەدات، كە كێشەكانی نێوانیان چارە بكەن، چونكە ئەگەر كێشە لە نێوان هەولێر و بەغدادا هەبن لە بەرژەوەندیی تارانیشدا نییە."
د. هەوار نێروەیی، مامۆستای زانكۆ لە دهۆك بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "پاش ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر سەركردایەتیی كورد زیاتر بەوە خەریكن كە خۆیان ڕێك بخەنەوە، كە بابەتێكی زۆر گرینگ و هەستیارە، بەتایبەتی حكوومەتی هەرێم لە هەوڵدایە خۆی ڕێك بخاتەوە هەر لەبەر ئەوە ئەو سەردانانە دەكرێن و هەر جارە و سەردانی وڵاتێكی جیهان دەكەن، لە داهاتووشدا سەردانی توركیا و چەند وڵاتێكی دیكە دەكەن، ئەوەش پەیوەندیی بە ڕێكخستنەوە هەیە، چونكە 16ی ئۆكتۆبەر بناغەی سیستەمی سیاسیی كوردستانی هەژاند، بۆیە خۆڕێكخستەوە زۆر گرینگە، هەنگاوی دووەم ئەوەیە جارێكی تر پەیوەندییەكان لەگەڵ جیهان، بەتایبەتی لەگەڵ ئێران نۆرماڵ بكرێنەوە، چونكە ئێران دەورێكی گرینگی لەسەر هەیكەلی حكوومەتی عێراق هەیە، ئەگەر ئێران ڕازی بێت، عێراقیش ڕازی دەبێت، بۆیە سەردانی شاندی حكوومەتی هەرێم بۆ ئێران زۆر گرنگە و ئەو وڵاتە دەتوانێت كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە بكات، بۆیە ئەو سەردانە هەنگاوێكی گرنگە".
ڕابین شێروانی